Forlat siden Nasjonal veiviser
ved vold og overgrep

کوردی Kurdisk

ئەو پێگەی ئێستا هاتویتە ناوی ،dinutvei.no، پێگەیەکی ڕێ پیشاندەری نیشتمانییە بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزاری یارمەتیدان و، زانیاری و شارەزایی سەبارەت بە دەستدرێژیکردنی سێکس و توندوتیژی خێزانی یان توندوتیژی نێوان ئەو هاوسەرانەی لە یەکتر جیابوونەتەوە و، ئەوانەش کە ئێستا پێکەوە دەژین، یان دوو شەریک. پێگەکە لەسەر داوای وەزارەتی داد و، لە لایەن سەنتەری زانیاری نیشتمانی سەبارەت بە توندوتیژی و فشاری دەروونی دوای شۆک  (NKVTS) دروستکراوە.

 لە گەڵ توندوتیژی کەسە نزیکەکانت ڕووبەڕوو بویتەوە؟

چۆن دژ بە توندوتیژی بەرگری لە خۆت دەکەیت؟

بەرەوڕووی دەستدرێژی سێکس یان جۆرەکانی تری پەلاماردانی سێکس بوویتەوە؟

کاردانەوەکانی تری دوای دەستدرێژی کردنی سێکس

کەسێک دەناسی لەناو بازنەی توندوتیژدا بژی؟

تۆ توندوتیژی بەرامبەر خەڵکانی تر ئەنجام دەدەیت؟

هەموو کەسێک مافی خۆیەتی ژیانێکی دوور لە ترس و توندوتیژی هەبێت. خەڵکانێکی زۆر لە نەرویج هەن کە لە بارودۆخی توندوتیژیدا دەژین. توندوتیژی لە لایەن کەسە نزیکەکانەوە و، ئیغتیساب پرسێکی تاکە کەسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیە.

جۆرەکانی توندوتیژی زۆرن و، ڕەنگە تۆ دڵنیا نەبێت لەوەی کە تۆ یان کەسانێک کە تۆ دەیانناسیت بەرەوڕووی توندتیژی ببنەوە یان توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت؟ یان ڕەنگە بپرسیت ئایا خۆت توندوتیژیی بەرامبەر خەڵکانی تر بەکاردەهێنیت؟ زۆرێک هەن نازانن لە ڕاستیدا توندوتیژی چییە؟ دەتوانی لەم بابەتەی خوارەوەدا زیاتر لە بارەی توندوتیژییەوە بخوێنیتەوە.

لە گەڵ توندوتیژی کەسە نزیکەکانت ڕووبەڕوو بویتەوە؟

توندوتیژی لە لایەن کەسە نزیکەکانەوە (پێشی دەگوترێ توندوتیژی هاوسەر یان توندوتیژی خێزانی) و، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و هەڕەشە کردن لە نێوان هاوسەرەکانی ئێستا و ئەوانەشدا کە پێشتر لە یەکتر جیابوونەتەوە و، ئەندامانی خێزانیش دەگرێتەوە، هەروەها منداڵانیش دەگرێتەوە کە لە ماڵەوە توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت. چەمکی توندوتیژی خەتەنە کردن و بەزۆرەملی بەشوودانیش دەگرێتەوە.

توندوتیژی کەسە نزیکەکان بە پێی یاسای نەرویجی سزای لەسەرە. دڵنیا بە ئەم پرسە لە لایەنی دەزگاکانی یارمەتیدان و پۆلیسەوە بەهەندە دەگیرێت.

زۆر کەس توندوتیژی وا لێک دەدەنەوە کە لێت بدرێت، شەقت تێهەڵبدرێت، یان ئازارێکی جەستەییت پێ بگەیەنرێت، بەڵام توندوتیژی لەوە زۆرتر هەڵدەگرێت. بەدوور لە ویستی خۆت گیر بدرێیت، ئازار بدرێیت، سوکایەتیت پێبکرێت، گۆشەگیر بکرێیت، یان بن دەست بکێشرێیت، ئەمانە هەمووی توندوتیژین.

جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی ئەمانەی خوارەوەن:

  • توندوتیژی جەستەیی: هەموو توندوتیژییەک کە ئاڕاستەی جەستە دەکرێت لە تێهەڵدان، لێدانی دەست، ڕاکێشان، گاز لێگرتن، چنگ لێدان، بەستنەوە، ڕاوەشاندن، پاڵ پێوەنان، دەست خستنە قوڕگ، گیردان و گۆشەگیر کردن، ئەمانە جۆرێکن لە جۆرەکانی توندوتیژی.
  • توندوتیژی دەروونی: قسە پێگوتن و دەنگ هەڵبڕین بە مەبەستی هەڕەشە کردن، زیان پێگەیاندن، سوکایەتی پێکردن یان بن دەست کێشان، ئەمانە توندوتیژین. بە کەم سەیرکردن و گوێ پێنەدان و سوکایەتی پێکردن بەشێکن لە توندوتیژی دەروونی، بۆ نموونە: "من دەتکوژم"، "تۆ بێ نرخیت"، "تۆ ناشیرین و قەڵەوی و کەس تۆی خۆش ناوێت".
  • توندوتیژی بەکارهێنانی ماتریاڵ: شکاندن، کاولکردن، تێگرتنی دار و بەرد، بۆکس دان لە دیوار و دەرگا و هاوشێوەکانیان.
  • توندوتیژی سێکسی: هەموو هەڵسوکەوتێکی خراپی سێکسی توندوتیژییە. بۆ نموونە: هەموو کردەوەیەکی سێکسی لە لەدەست لێدان، ورووژاندن، لێسانەوە، مژین، دەستپەڕ بۆ کردن و هەموو ئەو کردەوانەی دەچنە ئەنجامدانی جیماعەوە و، دەستدرێژی سێکسی، یان کردنی کارێک کە وروژاندنی سێکسی تێدا بێت، یان وێنە و فلیم گرتنی شوێنە هەستیارەکان و، نیشاندان و بڵاکردنەوەی وێنە و فلیمی ڕووت توندوتیژین.
  • توندوتیژی ئابووری: بن دەست کێشانی پارە و ماڵی خەڵکانی تر و، ڕێگە گرتن لە کەسێک کە پارەکانی خۆی بەکاربهێنێت یان ئەو پارە و ماڵانە بەکاربهێنێت کە هاوبەشن.
  • توندوتیژی شاراوە: دەنگ هەڵبڕینێکی تایبەت پێش و پاش ئەنجامدانی ئەڵقەیەک لە توندوتیژی.
  • توندوتیژی بۆ پەروەردە کردن: بریتییە لە بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی وەک ڕێگایەک بۆ پەروەردە کردن بە ئامانجی گۆڕینی هەڵسوکەوتی منداڵ و هەرزەکار.

زۆربەی ئەو توندوتیژییانە لە یاسای نەرویجیدا سزایان لەسەرە و، هەندێکیشیان بە سوکایەتی هەژمار دەکرێن و سزایان لەسەرە. سزاکانیشیان بە پێی پلەی دژواری و، دووبارە بوونەوە و، جۆرەکەی بڕگەی یاسایی تر دەیانگرێتەوە، بۆ نموونە: دزینی پارە. ئاساییە هەندێک لەو جۆرە توندوتیژییانە زیاتر لە بڕگەیەکی یاسایی بیانگرێتەوە.

پیاو بێت یان ژن ئەگەری بەکارهێنانی توندوتیژی هەیە بەرامبەری. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنان لە گەڵ توندوتیژی دژوار و دووبارە ڕووبەڕوو دەبنەوە و، توندوتیژی سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت لە لایەن کەسە نزیکەکانیانەوە.

ئەگەری رووبەڕوو بوونەوەی هەندێک لە چین و توێژەکانی خەڵک لە گەڵ توندوتیژی کەسە نزیکەکانیان لەوانی تر زیاترە. ڕەگەز و تەمەن و توانای جەستەیی و پاڵنەری سێکس و ئابووری و دووگیان بوون و کۆچبەری و شەراب خواردنەوە بەشێکن لە هۆکارەکان.

چۆن دژ بە توندوتیژی بەرگری لە خۆت دەکەیت؟

ئێمە دەزانین ئەستەمە کەسێک بتوانێت لە بازنەی توندوتیژی دەربچێت. دەرچوون لە بازنەی توندوتیژی بێ وەرگرتنی یارمەتی لە کەسانی ترەوە نابێت.

تۆ لەو حاڵەتەدا پێویستت بە یارمەتییە و، ئەگەر زیانت پێگەیشت، هەڕەشەت لێکرا، ترسی ڕووبەڕوو بوونەوەت لە گەڵ توندوتیژی هەبوو، دەبێ کەسانی دیکە ئاگادار بکەیتەوە. لەم پێگەیەدا لیستی ئەو لایەنانە هەیە کە خزمەتگوزاری یارمەتیدان پێشکەش دەکەن. ئەگەر لە گەڵ توندوتیژی یان هەڕەشەی دژوار ڕووبەڕوو بوویتەوە، یان ترس لەسەر ژیانت دروست بوو، دەبێ پەیوەندی بکەیت بە پۆلیسەوە (politiet) بە تەلەفۆنی ژمارە 02800 یان ژمارەی 112 ی فریاکەوتنەوە بکەیت. ئەگەر توندوتیژییەکە بەرامبەر منداڵێک یان هەرزەکارێک کرا، دەبێ تۆ فەرمانگەی پاراستنی منداڵ ئاگادار بکەیتەوە (barnevernet).

زۆرێک هەن پێیانوایە کە ئامانج ئەوە نییە تاوانبارەکە سزا بدرێت، بەڵکو ئامانج ئەوەیە توندوتیژی بوەستێنرێت. دەزگاکانی یارمەتیدان یارمەتی ئەو کەسانەش دەدەن کە خۆیان توندوتژن و، یارمەتی ئەو کەسانەش دەدەن کە بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە. هەندێک پێویستیان بە پارێزگاریکردن هەیە. کاتێک بەرەوڕووی هەڕەشە یان توندوتیژی دەبیتەوە، دەزگای پۆلیس (politiet) هەڵسەنگاندن بۆ تەگبیری پاراستنت دەکات. پێدانی ئامێری ئاگادارکردنەوە و، قەدەغەکردنی سەردان یان دانان لە ناونیشانێکی نەزانراو، بەشێکن لە یارمەتییەکان.

شەڵتەرەکان (krisesenter) وەک پەناگەیەک بۆ پاراستن لە حاڵەتی کتوپڕدا بەکاردێن و، یارمەتی خەڵک دەدەن بۆ دەرچوون لە بازنەی توندوتیژی. شەڵتەرەکان و پۆلیس زانیاری و ڕێنماییان لایە و دەتوانن بیدەن بەو کەسانەی توندوتیژن و بەو کەسانەش کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، هەروەها بیدەن بە تیمەکانی تەندروستی و، کۆمەڵایەتی (helse- og sosialetaten) و، فەرمانگەکانی پاراستنی خێزان (familievernkontor) و، فەرمانگەی پاراستنی منداڵ (barnevern) و، شەلتەرەکان (krisesenter) و، ئەو کەسانەی چارەسەری حاڵەتەکانی توندوتیژی دەکەن و، پارێزەرەکان و، فەرمانگەکانی ڕاوێژکاری بۆ قوربانیانی دەستی تاوانکاری (Rådgivningskontor for kriminalitetsofre) و، ئەو دەزگایانەی تر کە دەتوانن یارمەتی پێشکەش بکەن.

ئەگەر ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەرت دەکات کەسێکی نزیکت بوو، هەمیشە ئەستەمە شکاتی لێبکەیت. زۆرێک لەوانەی بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە ناتوانن خۆیان شکات بکەن ئەگەرچی بەڵگەی تەواویشیان هەبێت. بۆ سوککردنی ئەرکی شکات کردن و دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی لە قوربانیانی دەستی توندوتیژی، دەبێ پۆلیس دەستپێشخەری بکات لە پشکنین لەسەر توندوتیژی، جا قوربانییەکە بیەوێت یان نەیەوێت. ئەوەش ئەرکی دەزگای دادوەری گشتییە.

بەرەوڕووی دەستدرێژی سێکس یان جۆرەکانی تری پەلاماردانی سێکس بوویتەوە؟

جۆرەکانی دەستدرێژی سێکس زۆرن و، ڕەنگە بتەوێ بزانیت ئایا ئەوەی ڕووبەڕووی بوویتەوە جۆرێکە لە دەستدرێژی سێکس یان نا؟

دەستدرێژی سێکس هەموو جۆرەکانی سوکایەتی پێکردنی سێکس دەگرێتەوە. دەستدرێژی سێکس بریتییە لە خودی دەستدرێژی کردنەکە و، هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنی سێکس کە بە بەرکەوتنی جەستە دەبێت وەک: ورووژاندن و، دەست لێدان و، لێسانەوە و، مژین و، دەستپەڕ بۆ کردن و، هەموو کردەوەکانی پێش جیماع و، خودی جیماع کردن و، ئیغتیساب کردن و، نیشاندانی شوێنە هەستیارەکانی جەستە بە مەبەستی ورووژاندنی سێکسی و، وێنە و فلیم گرتن و، بینین و نیشاندانی وێنە و فلیمی ڕووت.

دەستدرێژی کردنی سێکس بەرامبەر قوربانییەکە ئەوەیە کە بەبێ ویستی قوربانییەکە خۆی بێت، یان قوربانییەکە ناڕازی بێت. دەستدرێژیکردنەکە دەکرێت بە هەڵخەڵەتاندن و، زۆر لێکردن و، هەڕەشە و، بە بەشداریکردنی کەسانی تر بێت، یان دەبێت دەستدرێژی لێکراوەکە سەیری ئەوانە بکات کە دەستدرێژییەکە دەکەن، یان دەبێ قوربانییەکە سێکس لە گەڵ خۆی لەبەرچاوی کەسانی تردا بکات. دەستدرێژی سێکس دەکرێت بێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز و سەرخۆشی و بە ئاگایی یان لە خەودا.

ئەگەری ئیغتیساب و جۆرەکانی تری دەستدرێژی سێکس لە لایەن کەسە نزیکەکان و دووەرکانەوە دەبێت.

هەرچەندە ڕەنگە دڵنیا نەبیت لەوەی کە کراوە بەرامبەرت ئایا دەستدرێژی کردنە یان نا، دەتوانی پەیوەندی بکەیت بە دەزگاکانی یارمەتیدانەوە. دەبێ قسە لە گەڵ کەسانێک لەو بارەیەوە بکەیت کە دەیانناسیت. قسە لە گەڵ کردن ڕەنگە ڕێگایەک بێت بۆ دانانی خاڵەکان لەسەر پیتەکان و، بریتی بێت لە دەربڕینی هەست و دیدوبۆچوونەکان. ڕەنگە باشتر بێت بۆ ئەوەی پشتگیرییەک بۆ خۆت پەیدا بکەیت و ڕێنمایی بکرێیت لە لایەن کەسانێکەوە کە نزیکن لێتەوە. ڕەنگە دوو دڵیش بیت لەوەی ئایا شکات بکەیت یان نەیکەیت؟ لە نەرویج تۆ مافی سێ کاتژێری خۆڕایی ڕاوێژکردنت لە گەڵ پارێزەر هەیە پیش ئەوەی بڕیاری شکات کردن لەسەر دەستدرێژی کردنی سێکس بدەیت.

پەیوەنـدی بکە بە دکتۆرکـەی خۆتـەوە (fastlegen) یـان بە پەرســتاری تەندروســتی (helsesøster) و، بنکەکانـی پرسـی دەســتدرێژی کـردن (overgrepsmottak) و، بنکـەکانـی پشـتگیریـی دژ بە دەســتدرێژکارە خزمـەکـان
(Støttesenter mot incest og seksuelle overgrep, SMISO) و، DIXI) DIXI)  و، پۆلیسەوە (politiet) بکە بۆ هاوکاریی کردنت تاکو لەوە تێبگەی کە ڕوویداوە و، کار لەسەر ئەو ڕووداوانە بکرێت کە تووشت بوون و، تا ئەگەر پێویستی کرد شکات بکەیت. 

کاردانەوەکانی تری دوای دەستدرێژی کردنی سێکس

ئایا شەرم دەکەیت یان ترسێکت هەیە؟ دەتەوێ بزانێت ئایا ئەوەی ڕوویداوە خەتای تۆی تێدایە یان نا؟ ئایا شەرمەزارییەکی زۆرە بیر لەوە بکەیتەوە کە ڕوویداوە؟ ئایا کێشەی تەرکیزت هەیە لەسەر شتە وردوو و درشتەکان؟

هەموو ئەمانە زۆر سروشتین کە دوای بەرەوڕوو بوونەوەی توندوتیژی دەردەکەون. جا ئەو توندوتیژییە جارێک ڕووی دابێت یان دووبارە بووبێتەوە.

ئەگەرچی بەرنامەیەک نییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی بە توندوتیژی، بەڵام ئێمە دەزانین کە ڕەنگە هەستێکی هاوبەش و، لە مەودایەکی نزیک یان دووردا کاردانەوەیەک لەو کەسانەدا دروست ببێت کە لە گەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو دەبنەوە، جا ئەو کاردانەوانە بەرامبەر ڕووداوە کاتییەکان بێت یان بەرامبەر ئەو توندوتیژی و دەستدرێژییانە بێت کە لە ماوەیەکی زۆردا دووبارە دەبنەوە. هەندێک لەوانە بریتین لە:

  • دڵەڕاوکێ و ترس
  • شەرمەزاری
  • هەستکردن بە دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکان
  • تێکچوونی خەو
  • گلەیی لە خۆکردن و هەست کردن بە تاوان
  • کێشەی تەرکیز کردن و لەبیرچوونەوە
  • زۆربوونی هەڵچوون و توڕە بوون
  • نەخۆشییە جەستەییەکان
  • کێشەی نەگونجان لە گەڵ دەوروپشت
  • کێشە لە پەیوەندی لە گەڵ کەسە نزیکەکان و پەیوەندی سێکسی
  • خەفەتباریی
  • لەدەستدانی کۆنترۆڵ
  • سڕ بوون
  • بێ متمانەیی
  • بە کەمگرتنی ڕووداوەکان و گومانکردن لە ڕاستی ڕووداوەکان
  • توندوتیژ و زبر بوون
  • گۆشەگیریی
  • هەستکردن بە تەنهایی

هەندێکجار کاردانەوەکان کۆتاییان نایەت، با ماوەیەکی دریژیش بە سەریاندا تێپەرێت و، لای هەندێک کەس ڕەنگە کۆتاییان بێت ئەگەر پێناسەی کلینیکی نیشانیدا کە خەمۆکییە، ترسە، کێشە نەخواردنە، ناڕەحەتییەکانی دوای شۆک (PTSD) یان ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەرەوە.

ئەگەر نەڕەحەتییەکانت بەردەوامیان هەبوو گرنگە لە گەڵ کەسێک ئاخاوتن بکەیت، یان پرسیار لە شارەزایەکی یارمەتیدان بکەیت بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکرێت کە بەرامبەرت ڕوویداوە. پەیوەندی بکە بە دکتۆرەکەی خۆتەوە (fastlegen) یان پەرستاری تەندروستتیەوە (helsesøster) و، بنکەی دژ بە دەستدرێژی لە خزمە نزیکەکانەوە (overgrepsmottak) یان شەلتەرەکان (krisesenter) یان (DIXI). دکتۆرەکەی خۆت دەتوانێت بتنێرێت بۆ لای دەروونناس ئەگەر پێویستت پێی بوو.

کەسێک دەناسی لەناو بازنەی توندوتیژدا بژی؟

زۆر شت هەیە دەبێ ئاشکرا بکرێت سەبارەت بە توندوتیژی، هەڕەشە، یان ئەو کەسانەی نیگەرانییەک هەیە لە بارەیانەوە. هەواڵ دانتان ڕەنگە ببێتە ئەو ئەڵقەیەی لای پۆلیس و دەزگاکانی یارمەتیدان نییە و، بوونی ئەو ئەڵقەیە دەبێتە هۆکاری ئاشکرا کردنی سیستەمی توندوتژی.

ئەگەر گومانت بۆ دروست کە کەسێکی ناسیاوت بەرەوڕووی توندوتیژی بووەتەوە، پەیوەندی بە پۆلیسەوە (politiet) بکە بە ژمارە 02800. کاتێک هەواڵ دەدەیت ناوت ناهێنرێت.

ڕەنگە ژیان لەناو خێزانێکی توندوتیژدا خراپتر بێت بۆ منداڵ وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی توندوتیژی ببێتەوە. ژیانی منداڵ لە ناو توندوتیژیدا زیان بەخشە بە منداڵەکە و، توندوتیژی خێزان دەبێتە هۆی زیان گەیاندنێکی هەمیشەیی بە منداڵ. ئەگەر نیگەرانییەکت سەبارەت بە منداڵێک هەیە، دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە تەلەفۆنی ئاگادارکردنەوەی تایبەت بە منداڵ و هەرزەکار (Alarmtelefon for barn og unge) بە ژمارە 116 111 و، هەواڵ بـدە بە فەرمانگـەی پاراسـتنی منـداڵ لە شـارەوانییەکەتـدا (barnevernet) یان پەیوەندی ڕاستەوخۆ بکە بە پۆلیسەوە (politiet) بە ژمارە تەلەفۆنی 02800 یان ژمارەی فریاکەوتنەوە 112.

تۆ توندوتیژی بەرامبەر خەڵکانی تر ئەنجام دەدەیت؟

ئایا تۆ کەسێکی توندی و خەڵکانی تر دەترسێنیت، لێیان دەدەیت، تێانهەڵدەدەیت، هەڕەشەیان لێ دەکەیت، سوکایەتیان پێ دەکەیت، پێشێلیان دەکەیت، بن دەستی خۆتیان دەکێشیت و، توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجام دەدەیت؟

خۆشبەختانە دەتوانیت یارمەتی بدرێیت بۆ ئەوەی خۆت بگۆڕیت. ئەو کەسەی بەرامبەر خەڵکانی تر توندوتیژی بەکاردەهێنێت، پێویستی بە یارمەتی دانە. ئەگەر دان بەوەدا دەنێیت کە توندوتیژیت، مانای وایە هەنگاوێک لە چارەسەر نزیک بوویتەوە.

ئەگەر دڵنیا نەبوویت لەوەی کە دەیکەیت توندوتیژییە، دەتوانیت پەیوەندی بە دەزگاکانی یارمەتیدانەوە بکەیت (hjelpeapparatet). دەتوانیت سەبارەت بەوەی ڕوویداوە  ئاخاوتن لە گەڵ کەسانێک بکەیت کە دەیانناسیت. ئاخاوتن لەسەر ئەوە یارمەتیت دەدات تاکو باسی ڕووداوەکە و، بیرکردنەوە و هەستەکانت بکەیت. هەروەها یارمەتی ئەوەشت دەدات کە جارێکی تر کاری توندوتیژی نەکەیتەوە.