Dinutvei.no Logo Nasjonal veiviser
ved vold og overgrep

خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی چۆن دەتوانێت یارمەتی بدات؟

Konfliktrådet logo

ئایا دەتەوێت لە بارودۆخێکی بێمەترسی و کۆنترۆڵکراو دا پرسیارەکانت بپرسیت لەو تاوانکارەی کە بەرامبەر بە تۆ توندوتیژی کردووە یان پەلاماری داویت؟ یان ئایا دەتەوێت بەو کەسە بڵێیت کە کردارەکانی چی بە سەر تۆ هێناوە؟ ڕەنگە بتەوێت لەگەڵ ئەو کەسە ڕێک بکەویت لەبارەی ئەوەی کە لە داهاتوو چۆن لەگەڵ یەکتری هەڵسوکەوت بکەن؟ خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی (Konfliktrådet) دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ ئەم جۆرە چاوپێکەوتنە.

بۆ هەندێ لە قوربانیەکان، بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو توندوتیژیە یان بەدڕەفتاریە کە بە سەریان هاتووە ڕەنگە ئەوە بێت کە جارێکی تر لە بارودۆخێکی بێمەترسی دا چاویان بە تاوانکارەکە بکەوێتەوە. خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی دەتوانێت یارمەتیی قوربانیان بدات لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە تاوانبارەوە، و پاشان ڕێكخستن و چاودێریکردنی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنە فەرمیە نێوبژیوانیکراوە.

ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لەڕێگەی نێوبژیوانیەوە بەڕێوە دەچن جێگرەوە یان تەواوکەری پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانن. ئامانجی چاوپێکەوتن لەژێر چاودێریی خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی دا ئەوە یە کە:

  • دڵنیا ببن کە پاڵپشتیەکی باشتر بۆ قوربانی دابین دەکرێت
  • هەوڵ بدەن ئەو لەدەستچوونی متمانە و زیاندیتنی پەیوەندیە کە لەنێوان قوربانی و تاوانکار دا ڕووی داوە چارەسەر بکەن
  • ڕێگە بگرن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی یان بەدڕەفتاری

هەندێ لە قوربانیان پێویستیان بەوە هەیە کە بە تاوانکار بڵێن کە ڕووداوەکە چی بە سەریان هێناوە – یان هەندێ پرسیار بکەن کە تەنیا تاوانکارەکە دەتوانێت وەڵامی بداتەوە. ئەگەر توندوتیژی یان بەدڕەفتاری لەلایەن کەسێکی ئاشنای قوربانیەوە ڕووی دابێت، و ئەگەری ئەوە هەبێت کە ئەم دوو کەسە لە داهاتوو یەکتر ببینین یان ناچار بن تا ئاستێک لەگەڵ یەکتر تەعامولیان هەبێت، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو دەتواننێت ببێتە هۆی دڵنیایی، و ڕەنگە یارمەتیان بدات کە ڕێکەوتنێکی گونجاو و کرداری پێکەوە بکەن.

ئامانج ئەوە نیە کە ئێوە پێکەوە ڕێک بکەون، بەڵکوو ئەوە یە کە قسە و ڕای خۆتان بڵێن، گوێ لە یەکتری بگرن، یان باسی ئەوە بکەن کە لە داهاتوو چۆن لە کاتی دیتنی یەکتر هەڵسوکەوت بکەن. بۆ قوربانی، ڕەنگە ئەم چاوپێکەوتنانە ببێتە هۆی دڵنیایی و خاترجەمی لەبارەی دیتن و ڕووبەڕووبوونەوەکانی داهاتوو، و بۆ تاوانکاریش ڕەنگە دەرفەتێک بێت کە ڕاستیەکان بڵێت، شک و گومان نەهێڵێت و بەرپرسیارەتیی کردارەکانی قەبووڵ بکات بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوانیان چاک بکەنەوە، وەک نموونە. دوو لایەنەکە – لەگەڵ نێوبژیوان – ئەگەر بیانهەوێت دەتوانن ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی چەند جار لەم کەشە فەرمیە دا چاوپێکەوتن بکەن.

«بۆ هەندێ لە قوربانیەکان، بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو توندوتیژیە یان بەدڕەفتاریە کە بە سەریان هاتووە ڕەنگە ئەوە بێت کە جارێکی تر لە بارودۆخێکی بێمەترسی دا چاویان بە تاوانکارەکە بکەوێتەوە.»

زۆرێک لە کەیسەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەنێردرێن بۆ لای خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی، بەڵام خۆیشت دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە نزیکترین خزمەتی نێوبژیوانیەوە. ئەگەر فەرمانی قەدەغە لەسەر کەیسەکە درابێت، ئەو ڕێکەوتنانەی کە بە نێوبژیوانیی خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی دەکرێن دەبێ ئەو سنوورانەی کە فەرمانی قەدەغە دایناوە نەبەزێنن.

خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی چۆن کار دەکات

کاری نێوبژیوانی لە خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانیەوە دڵبخوازە، واتە هەردوو لایەن دەبێ ڕازی بن کە چاویان بە یەکتر بکەوێت. دوای ئەوەی کە ڕەزامەندی وەرگیرا، نێوبژیوانەکان سەرەتا بە تەلەفۆن پەیوەندی دەکەن بە قوربانیەوە، پاشان بە تاوانکارەوە، و ئیجا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی و کۆبوونەوەیەکی نێوبژیوانیکراو. دوو نێوبژیوان لەوێ ئامادە دەبن – ئاساییانە لە هەردوو ڕەگەز؛ پیاوێک و ژنێک. نێوبژیوانەکان دەبێ بێلایەنانە ڕەفتار بکەن و بەڕێزەوە لەگەڵ هەردوو لایەن مامەڵە بکەن. بێلایەنبوون بە واتای سووک و بچووک دیتنی توندوتیژی و بەدڕەفتاری یان ترساندن نیە.  ئەگەر کەیسێک بنێردرێت بۆ لای خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی، وا دادەنرێت کە تاوانکار بەرپرسیارەتیی کردارەکانی بەرانبەر بە قوربانی قەبووڵ دەکات.

مەبەست لە چاوپێکەوتنی سەرەتایی دڵنیابوون لەوە یە کە چاوپێکەوتنی نێوبژیوانی بۆ قوربانیەکە قابیلی پێشبینی دەبێت، و ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ هەرکام لە لایەنەکان بە جیا بەڕێوە دەچێت (بە لایەنەکەی تر ناوترێت کە چاوپێکەوتنەکە کەی بەڕێوە دەچێت). لە چاوپێکەوتنی سەرەتایی دا هەروەها دەردەکەوێت کە ئایا پێویستیە پاڵپشتێکی متمانەپێکراو (کەسێکی تایبەت یان پسپۆڕ) لەگەڵ قوربانی بێت یان نە و، ئەگەر قوربانیەکە منداڵ بێت، لەم چاوپێکەوتنە دڵنیایی دەکرێت لەوەی کە منداڵەکە قسە و ڕای خۆی بڵێت. بابەتەکانی گفتوگۆ لە چاوپێکەوتنی سەرەتایی:

  • چ نیگەرانی یان چاوەڕوانی یان پێداویستییەکت هەیە سەبارەت بەم چاوپێکەوتنە؟
  • بە ڕای تۆ کەسانی تر چ ڕۆڵێکیان هەبووە لەو شتەی کە ڕووی داوە؟
  • زانیاری لەبارەی ئەوەی کە لە چاوپێکەوتنی نێوبژیوانیکراو دا چی ڕوو دەات، ئەو پرسیارانە چین کە ڕەنگە بکرێن، و ئەو بابەتانەی کە دەبێ  بەرلە چاوپێکەوتن تاوتوێ بکرێن کامانەن.

پێش و پاش و هەروەها لە ماوەی چاوپێکەوتنی نێوبژیوانیکراو، لایەنەکان هەرگیز لە ژووری چاوپێکەوتن یان ژووری چاوەڕوانی دا تەنیا نابن. هەمیشە نێوبژیوانێک لەوێ دەبێت – و هەروەها ئەو دڵنیایی دەکات لەوەی کە لایەنەکان لە کاتی جیاواز دا چاوپێکەوتنەکە بە جێ دە‌هێڵن.

ئەو کەسە خۆبەخشانەی کە بۆ خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی کار دەکەن ئەرکی نهێنی‌پاراسنیان هەیە و بە زمانی نەرویجی قسە دەکەن. هەروەها بەرپرسان دەتوانن بە زمانی ئینگلیزیش یارمەتی دابین بکەن و ئامادەکاری بکەن بۆ وەرگێڕێکی زارەکی. نێوبژیوانەکان کەسانێکی یاریدەرن کە بەتایبەتی لەلایەن خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانیەوە ڕاهێنراون. نێوبژیوانی پۆستێکی هەڵبژێردراوی مووچەدارە، و سەرەڕای ئەوەی کە گرنگی دەدرێت بە لێهاتوویی شەخسی بۆ نێوبژیوانی، هیچ بڕوانامەیەکی فەرمی پێویست نیە بۆ ئەوەی وەکوو نێوبژیوان کار بکەیت. نێوبژیوانەکان دەبێ تەمەنیان زۆرتر لە 18 ساڵ بێت و ڕابردوویان لەڕووی تاوانەوە پاک بێت.

خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی بوودجەکەی لەلایەن حکوومەتەوە دەدرێت، وە بە شێوەیەکی خۆڕایی لە سەرانسەری نەرویج پێشکەش دەکرێت. نزیکترین خزمەتی نێوبژیوانی لە خۆت بدۆزەوە لەڕێگەی ڕێنمای ئۆنلاینی یارمەتی، زانیاری و ئاگایی لەبارەی توندوتیژی لە ماڵپەڕی www.dinutvei.no (لە ژێر بەشی Type tilbud (جۆری ئیمکانیات) بژاردەی konfliktråd (خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی) هەڵبژێرە)

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی خزمەتی نیشتمانیی نێوبژیوانی سەردانی ماڵپەڕی تایبەتیان بکە .